|
|
گهر حهز دهکیێت ماڵپهڕهکهمان بهردهوام بێت ڕۆژی یهک دهنگ بده بۆ ماڵپهڕی هێڤی و هێلێنا لهگهڵ ڕێزوخۆشهوێستیمان بۆ بهڕێزتان
| كاروان كامل: |
 هەمیشە حەز دەكەم شتی نوێ پێشكەش بكەم كاروان كامل یەكێكە لەو لاوانەی كە هەر لە سەرەتای تەمەنیدا رووی لە بواری گۆرانی گوتن كرد،دوای ئەوەی چەندین كاری جوانی پێشكەش كرد، بۆ ماوەی چەند ساڵێك رووی لە وڵاتی ئوسترالیا كرد بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری گۆرانی و موزیك بخوێنێ و شارەزایی زیاتر پەیدا بكات،ئێستاش هەر لەو وڵاتە نیشتەجێیە، ماوەیەكە گەڕاوەتەوە كوردستان بە بەرهەمێكی نوێوە بە ناوی (ژ دل بو دل)، بۆ باس كردنی گەشتەكەی بۆ وڵاتی ئوسترالیا و چەند باسێكی دیكەن كاروان كامل میوانی ئەم ژمارەیەی هەفتەنامەی گوڵانە. * حەز دەكەین هەندێك باس لە گەشتەكەت بكەیت بۆ وڵاتی ئوسترالیا؟ - گەشت كردن و سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات بۆ هەر مرۆڤێك كارێكی زۆر پێویستە بۆ شارەزابوون لە كلتووری میللەتان، چوونی منیش بۆ وڵاتی ئوسترالیا زیاتر سەرەتا بۆ خوێندنی زمان بووە، چونكە دوای فێربوونی زمان ئەو كات دەتوانی هەر زانستێكی دیكەت بخوێنی، منیش هێشتا خوێندنی زمانم ماوە بۆ ئەوەی تەواوی بكەم، بەڵام دوای دەگەڕێمەوە بۆ تەواوكردنی خوێندنی زمان و دەستپێكردنی خوێندنی موزیك. * كەواتە گەشتەكەی ئوسترالیا كاریگەریی بەسەر كاروان كاملەوە هەبوو؟ - دەتوانم بڵێم ئەو گەشتە كاریگەریی باشی لەسەر من هەبووە، چونكە توانیم شتێكی جوان فێر بم و بتوانم لە كاری نوێی خۆمدا چەند داهێنانێكی نوێ و جوان پێشكەش بكەم. * ئەی چۆن بڕیارتدا بمینێیتەوە؟ - لەراستیدا من لە بەرنامەمدا نییە لە هیچ شوێنێك بمنێمەوە، ژیان و مردنیشم هەر لە كوردستان دەبێت، دواتر شتێك هەیە خۆشە مرۆڤ شوێنێكی خۆی هەبێت و گەڕۆكیش بێت و شوێنەكانی دونیا بگەڕێت ئەو كات لە هەردوو لادا سوودمەند بێت. * ماوەی نێوان سیدی (نە ل ژڤانی) كە لە ساڵی 2004 بڵاوت كردەوە و ئەم سیدییە كە ئێستا بڵاوت كردەوە ماوەیەكی زۆرە، ئایا ئەمە بە رێكەوت بوو یان خودی حەزت نەدەكرد لەو ماوەیەدا دەركەوی؟ - سیدی ( نە ل ژڤانی) لە كۆتاییەكانی ساڵی 2004 بڵاوم كردەوە، لە ساڵی 2005 لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی دواتر كە گەڕامەوە هەر ئەوەندە كاتەم هەبوو كە گۆرانی(بێ سۆز) لەگەڵ چۆپی بە شێوەی كلیپ بڵاو بكەمەوە،پاشان رووم لە ئوسترالیا كرد ئیتر وایلێهات كە دوور بم لە كاری هونەری بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكم هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا خۆم حەزم نەكرد زوو دەركەوم، بەڵكو حەزم دەكرد كارێكی جوان پێشكەش بكەم كە لە دڵەوە بچێت بۆ دڵی جەماوەر با ماوەیەكی زۆریش بخایەنێت، مەبەست و ئامانجی من لە هونەردا ئەوە نییە كە زوو لە شاشەكان دەركەوم. * ئاشنا نەبوونت وەك پێویست و بە شێوەیەكی ئەكادیمی لە بورای موزیك و گۆرانی چ كاریگەرییەكی لەسەر ژیانی هونەری تۆ هەبووە؟ - دەتوانم بڵێم كاریگەرییەكی خراپی هەبووە، بەڵام هەندێ شتیش هەیە حەز دەكەم بیزانی من شارەزاییم لە موزیكدا هەیە ئەگەر بەشێوەیەكی ئەكادیمیش نەبێت ئەمەش وایكردووە كە موزیك شتێكی نامۆ نەبێت لەژیانی هونەری مندا، زۆر جار هونەرمەند ئەگەر هەموو كارەكان بزانێت و شارەزایی تێدا هەبێت هەر بە خراپی بۆی شكاوەتەوە، بۆیە ژیانی هونەریش وایە دەبێ یەك ئەوی تر تەواو بكات ئەگەر من شاعیر و موزیك ژەن و ئاواز دانەر بم، لێرەدا شاعیر و موزیك ژەن و ئاواز دانەر كاریان چییە، بۆیە دەڵێم لە هونەر شتەكان تەواوكەری یەكترن. * پێت وایە جەماوەرت رازییە لەو بێدەنگییە؟ - بێگومان رازی نابن، بەڵام جەماوەریش كاری جوانی دەوێت، جەماوەریش كە تۆی خۆش بوێت و حەزی لە دەنگ و هونەری تۆ بێت بۆ ماوەیەكی زۆریش بێت مەحاڵە لە بیرت بكات، بەڵكو هەر چاوەڕێی بەرهەمی نوێ دەكات، بەڵام گرنگە دوای ماوەیەكی زۆر بتوانی كارێكی جوان پێشكەش بكەی . * هەر كەسێك بڕوانیتە كارەكانت ئەوا ناوی هەر یەكە لە (كەریم و ئیدریس بەدەل)ی بەرچاو دەكەوێت، وەك ئەوەی كەسی سەرەكی بن لە كارەكانت، ئیدریس و كەریم بەدەل چ رۆڵێكیان لە دەركەوتن و سەركەوتنی كاروان كامل هەبوو؟ - راستییەكەی من لە سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەریم كە لە ساڵانی هەشتاكانەوە لە ساڵی 1986 بوو یەكەم گۆرانیم لە هۆنراوەی (بەڕەڤان حوسێن) بوو ئاوازەكەشی توركی بوو، دواتر لە ساڵانی 1987 و 1989 دوو بەرهەمم بە شێوەی كاسێت بڵاوكردەوە بە هاوكاری مامۆستا كەریم بەدەل و مەسعود بالەتایی، تاوەكو ساڵی 1993 لەگەڵ (ئیدریس بەدەل) دەستمان بە كاركردن كرد، ئیتر لەو كاتەوە من زۆر پشتم بە مامۆستا كەریم و كاك بەدەل بەست، هەستی من تێكەڵ بە هەستی بوو، هەر شتێك مامۆستا كەریم بینووسیبا و كاك ئیدریس ئاوازی بۆ دابنایە من زۆر ئاسوودە دەبووم، من هەر لەو كاتەوە تێكەڵی ئەو خێزانە هونەر دۆستە بووم تاكو ئێستا و لەمەودواش هەر لەگەڵیان دەبم و لێیان جیانابمەوە، بۆیە دەڵێم ئەوان پاڵەوانی ژیانی منن، ئەگەر ئەوانیش نەبوونایە بێگومان من نەدەگەیشتمە ئەو ئاستەی ئێستا. * دوای ئێوە كۆمەڵە گەنجێك دەستیان بە كاری هونەری كردووە، تۆ پێت وایە ئەم گەنجانە تا چەند توانیویانە ئامانجی خۆیان بگەیەنن؟ - ئەوەی راستی بێت بڕیاردان لەسەر ئەو گەنجانەی ئەم ماوەیە هاتوونەتە نێو بواری هونەری رەنگە ئێستا كارێكی قورس بێت، بەڵام ئەوەی لای من گرنگ بێت ئەوەیە كە ئەو كەسەی كارێك پێشكەش بكات پێویستە بزانێت چی پێشكەش دەكات و جەماوەر چی دەوێت و قەناعەتی بەو كارە هەبێت كە دەیكات ئەو كاتە دەتوانێت شوێنێك بگرێت لە نێو گۆڕەپانی هونەری كوردی. * تۆ تا چەند بایەخ بە فۆلكلۆر و كاری رەسەنی كوردی دەدەیت؟ - من زۆر حەز لە كاری فۆلكلۆر دەكەم و لە بەرهەمی ساڵی 1999 خۆمدا دوو گۆرانی فۆلكلۆرم پێشكەش كرد، بەڵام شتێك هەیە پێویستە باسی بكەم ئەویش ئەوەیە من هەمیشە حەز دەكەم شتێكی نوێ پێشكەش بكەم بۆ ئەوەی رۆژێك بێت و ئەویش ببێت بە فۆلكلۆر، بەڵام لە داهاتووشدا هەوڵ دەدەم بە شێوەیەكی جوان كار لەسەر رەسەنایەتی بكەم. * ئێمە لە داهاتوو چی بكەین بۆ ئەوەی موزیكی كوردی زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت؟ -راستی كاركردن وەك ئەوەی ئێستا هەیە كارێكی خراپ نییە، لە ئاستێكی باشدایە، چونكە هەمانە لەسەر فۆلكلۆر كار دەكات و هەمانە تەنیا شتی نوێ پێشكەش دەكات، هەندێكی دیكەش هەن لە هەردوو بواردا كار دەكەن وپێویستە ئەمانە هەموویان هەبن، بێگومان بە كار كردن بەم جۆرە دەتوانین لە داهاتوودا خزمەت بە هونەری كوردی بگەیەنێت، هەروەها هونەری كوردیش بەرەو ئاراستەیەكی باش ببەین. * بۆچی دوای گەڕانەوەت بۆ كوردستان راستەوخۆ دەستت بە كاری بەرهەمهێنانی سیدییەكی نوێ كرد؟ - خۆشەویستی جەماوەر، دەركەوتنی هەندێك كۆمپانیا و دەزگای هونەری باش ئەمانە وایان كرد یەكسەر دەست بە كارێكی نوێ بكەم.هەرچەندە من دانەبڕاوم، بەڵام ئەمانە پاڵنەری سەرەكیم بوون. * بە حوكمی ئەوەی ماوەیەكە لە دەرەوەی وڵاتی، ئایا كار كردن لە دەرەوە ئاسانترە یان لە كوردستان؟ - سەبارەت بە ئەستەمی كار كردن لە دەرەوەی كوردستان كار كردن ئەستەمترە، چونكە نەبوونی موزیكژەن و كۆكردنەوەیان كە هەر یەكەو لە وڵاتێكە كارێكە زەحمەتە و پێویستی بە خەرجییەكی زۆرە، ئەمانە هەموویان كێشە بۆ هونەرمەند دروست دەكەن لەوێ، بەڵام خۆشبەختانە لە كوردستان تا رادەیەك كار كردن ئاسانترە و كێشەیەكی زۆرت بۆ دروست ناكات. * بەرهەمی نوێت (ژ دل بو دل) چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ بەرهەمەكانی تر؟ - لەرووی كاركردنەوە بێگومان جیاوازم لە(كاروان)ی پێشوو، چونكە بۆ یەكەم جار لەگەڵ چەند موزیكژەنێكی توركی كار دەكەم، لە رووی ئاواز و هۆنراوەوە تێكەڵاوییەك هەیە وەنەبێت تەنیا هی یەك كەس بن، بەڵام من هەر ئەو كاروانەم كە خەڵك دەیناسێت. * وەكو بزانین سیدییەكەت بەرهەمێكی كۆنی تێدایە بەشێوەزاری سۆرانی ئەمە هیچ گرفتی بۆ دروست نەكردی؟ - بەڵێ زۆر ئاستەنگی بۆ دروست كردم، چونكە بۆ یەكەم جارە كار لەسەر ئەم شێوەزارە دەكەم و كارێكی كۆنەو كار كردن لەسەر بەرهەمی كۆن كارێكی ئاسان نییە لە رووی موزیك و هۆنراوەوە،بەڵام هەرچۆنێك بێت توانیمان كارەكە بە شێوەیەكی جوان پێشكەش بكەین هەوڵیشمداوە موزیكێكی جوانی بۆ دابنێم كە تاموچێژی خۆی بمێنێت. * لایەنی پەیوەندیداریا حكومەت تا چەند هاوكارییان كردووی لە كارەكانت؟ - تا رادەیەكی زۆر هاوكارییان كردووم لێرەوە زۆر سوپاسیان دەكەم، بەڵام هیواخوازم بە هەمان شێوە هاوكاری خێزانە شەهیدەكان بكرێت بۆ ئەوەی هەست بە كەم و كوڕی نەكەن، هەرچەندە درێغیشیان نەكردووە. * ئایا وەك ئەم بەرهەمە هەر سێ چوار ساڵ جارێك بەرهەمێك پێشكەش دەكەیت؟ - دامناوە لەمەودوا ئیتر هەموو ساڵێك بەرهەمێك پێشكەش بكەم، رەنگە ئەمەش كارێكی قورس بێت، بەڵام هەوڵ دەدەم بتوانم كارەكان بە ئاسانی تەواو بكەم و خزمەتێك بە هونەری خۆم بكەم لە هەمان كاتدا دڵی جەماوەرەكەشم خۆش بكەم. | |
. .
| |
|