![]() دەگوترێ (گیان شیرینە) بۆیە كە مرۆڤ بە زەحمەت دەستی دەچێتە گیانی خۆی، هەتا ئەگەر زۆریش لە ژیانی خۆی وەڕس و لە گیانی خۆی بێزار بێت، ئەی كەوایە ئەوە چ پاڵنەرێكە دەبێتە هۆی ئەوەی كەسێك بڕیاری خۆلەناوبردن بدات و كۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ...؟ ئەمە پرسیارێكە و وەڵامدانەوەی هێندە ئاسان نییە، كەسانێك هەن ئەگەر دەوێرن بڕیارێكی ترسناكی وەك خۆكوشتن بدەن بەڵام زۆر بەشیان، وەك دەركەوتووە پەشیمان بوونەتەوە، ئەو نموونەیەش كە لێرەدا دەیخەینەڕوو رووداوێكی راستەقینەیە و كەسەكە كە كچێكی گەنجی جوان بووە، تەنیا لەبەر ئەوەی لە پۆلی پێنجەم كەوتووە بڕیاری داوە خۆی بكوژێ ئەویش بە بەخۆدانی كردنی دۆلكەیەك نەوت و ئاگر لە خۆبەردانی بەڵام كاتێك كار لەكار ترازاوە ئینجا پەشیمان بۆتەوە بەڵام پاش چی.... بڕیارێكی ترسناك ئەم كچە كە ناوی(نەجیبە)ی لێدەنێین، پێش ئەوەی بەهۆی سەختی برینەكانی سوتانییەوە گیانی لەدەست بدات، لە رۆژی دووەمی مانەوەی لە نەخۆشخانەدا هەست و ناخی خۆی بۆ خوشكە گەورەكەی دەردەبڕێ و خوشكیشی بەدەم هەنسكی گریانەوە گوێی بۆ دەگرێ و دڵی دەداتەوە، خوشكی (نەجیبە) كە ناوی(نەشمیل)ە، بەمشێوەیە رووداوی خۆ سووتاندنی خوشكەكەیمان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: خوشكم لە پۆلی پێنجەمی ئامادەیی بوو، لە هەموو وانەكان زیرەك بوو، تەنیا گرفتی سەرەكی ئەو لەگەڵ ئینگلیزی بوو، لەگەڵ مامۆستای ئینگلیزیشدا هەمیشە لە كێشەدا بوو، لە تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ تەنیا لە وانەی ئینگلیزی كەوتبوو، سەری ساڵیش هەروا، كە دووبارە تاقیكردنەوەی كردبوو، دیسان هەر لەو وانەیە كەوت و ئیدی بەهۆی ئەم مادەیەوە، لە پۆلی پێنجەم مایەوە،ـ ساڵی دواتریش هەمان كێشەی هەبوو بە هەرحاڵ كە گەیشتەوە تاقیكردنەوەكانی سەری ساڵ دووبارە كەوتەوە ئەمە زۆر شپرزە و نیگەرانی كردبوو، كە ئەنجامی تاقیكردنەوەی وەرگرتەوە، تەنیا پێویستی بە (5) نمرە هەبوو بۆ ئەوەی دەربچێت بەڵام مامۆستاكەی نەیدابویێ، لەسەر ئەمەش لەگەڵ مامۆستاكەی بووە مشتومڕ و دەمەقاڵەیان، كە هاتەوە ماڵەوە نیوڕۆ بوو، چاو بە گریان و دڵتەنگ و خەمبار، كە لێمان پرسی چی بووە، هیچ وەڵامی نەداینەوە، تاوێك چووە ژوورەكەی خۆی و پاشان بێ ئەوەی ئێمە ئاگامان لێبێت چووە گەرماوی ماڵەوە و دۆلكەیەك نەوتی پڕكردبوو، دۆلكە نەوتەكەی بەخۆی داكردبوو، دەنكە شقارتەیەكیشی هەڵگیرساندبوو، ئاگری لە خۆی بەردابوو، هەر چەند لەو بڕوایەدا نەبوو، بەو رادەیە بسووتێ، بەڵام كە گڕیشی گرتبوو، ترسابوو، بۆیە دەستی بە قیژەو هاوار كردبوو، یەكسەر رای كردبووە دەرەوە، تائێمە پێگەیشتین و كوژاندمانەوە، ئاگرەكە كاری خۆی كردبوو، جگە لە دەمووچاوی و شانی، زۆربەی لەشی سووتا بوو، ئێمە بە پەلە گەیاندمانە نەخۆشخانەو خاوەن ماڵ نزیكەی هەفتەیەك لە ژێر چاودێری پزیشكی مایەوە و شەوی حەوتەم گیانی لە دەستدا. دانپیانان و پەشیمانبوونەوەی درەنگ وەخت (نەشمیل) كە بەداخەوە بۆ لە دەستدانی خوشكەكەی بەمشێوە كارەساتاوییە دڵتەزێنە، پێیوابوو خوشكەكەی هەر لە بنەڕەتەوە بڕیارێكی هەڵەی دابوو، كە دەبوو بیدات. ئەو دەڵێ: ئێستا خوشكەكەم بەجێی خۆی گەیشتووە و خوای لێخۆش بێ، بەڵام بە بڕوای من غەدرێكی گەورەی لەخۆی و لە ئێمەش كرد كە خۆی سووتاند، چ قەیدییە با لە خوێندن كەوتبایە، خۆ دنیا كاول نەدەبوو، بە هەرحاڵ زیاتر لەوە داخبار و بە حەسرەتم كە خوشكەكەم دوای ئەوەی بڕیاریدا كۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێ و پەشیمانیش بۆوە، كاتێكیش پەشیمان ببۆوە، كارلەكار ترازابووە. رۆژی دووەمی مانەوەی بوو لە نەخۆشخانەكە هەر من لەگەڵی بووم. كات دەمە و عەسر بوو، كە پێی گوتم نەشمیل ئەمن دەمرم، منیش كە گوێم لەو قسەیەی بوو ئاگر لە هەناوم بەربوو فرمێسك بەچاومدا هاتە خوارەوە و لێی نزیك بوومەوە، روومەتیم ماچ كرد و دڵیم دایەوە و گوتم: هیچ خەم مەخۆ بەخوا پزیشكەكان دەڵێن چاكیش دەبێتەوە و وەكو جارانیشی لێدێتەوە، مردنی چی... بەڵام بۆ خۆشم لە ناخمەوە هەستم دەكرد قسەكەی بەڕاستییەتی و هەست بە نزیك بوونەوەی مردن لە خۆی دەكات، ئینجا پێیگوتم: دادە دەبینی چیم بەخۆم كرد، چۆن خۆم تووشی ئەو عەزاب وئێش و ژانەكرد...لەكاتی قسەكاندا (نەجییبە) جار جارە خیزەیەكی دەكرد و بە زەحمەت تفی قوت دەدایەوە، پزیشكەكان دەیانگوت لە ژوورەوە گەرووی پێكەوەنووساوە و برینی سینگی زۆرە و سووتانەكەی قوڵە، بۆیە گەرووی دەزوورێتەوە و دڵەكزەیەكی بە ئازاری هەیە.. لەشی لە بەشی سینگی را خوێناو و زەڵزەڵەی كردبوو، خیزاوی لێدەتكا، ئەگەر هەم خوێن و هەمیش ئاوی بە بەردەوامی لەسەر بوو، بەڵام سوودی نەبوو، سووتانەكەی زۆر بوو... كە تفی قوتدا، تۆزێك خۆی بە هیواشی جوڵاند و گوتی: دادە برینی لەشم زۆر دێشێت، خۆزگە ئەو رۆژە رەشەم نەدیتبا و ئەوەم نیشانی خۆم نەدابایە، چ بوو ئەگەر ئەو مامۆستایە ناجیحی كردبام، خۆ كەعبە كەچ نەدەبوو، دەزانی چەندم رق لەوانەی ئینگلیزییە، بەڵام تازە وانەی چی و ئینگلیزی چی... من فەوتام. دادە من پەشیمانم لەو كارەی كردم، بریا وام نەكردبا، بەڵام بە بریایان چ پێك نایە، تازە من فەوتام و رۆیشتم، توخوا دادەگیان گەردنم ئازادكە، بەدایكیشم و بە بابەش بڵێ گەردەنم ئازاد بكەن. دوای هەفتەیەك: ماڵئاواییكردنی یەكجارەكی نەشمیل دوا ساتەكانی ژیانی خوشكمیان بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: شەوی حەوتەم، هەر لە بەیانییەكەوە خوشكەكەم جار جارە نوزەیەكی بە سام و تۆقێنەری لێ بەرز دەبۆوە، هەندێ جار هۆشی لەخۆی نەدەما و هەندێكجاریش بە ئاگا دەهاتەوە ئەو كاتانەی كە بە ئاگا دەبوو، جار جارە وڕێنەی دەكرد و لەخۆیەوە پێدەكەنی، عەسرەكەی حاڵی زۆر خراپ و نالەبار بوو، پزیشكەكە هاتە لام وگوتی: ئیدی ئومێدی چاكبوونەوەی نەمایە، هەر ساتە و ناساتێك بمرێت دەمرێت. ئاگاداری كەسووكارت بكەوە با خۆیان ئامادە بكەن، چیدیكە نەیتوانی قسە بكات و بە تەواوەتی ئاگای لە دنیادا نەمابوو. كە شەو داهات بەبیرم دێ كاتژمێر هەشت و نیو بوو، دانیشتبووم و داڵغەم لێ دابوو لە پڕ بەدەنگی زیڕەیەك راپەڕیم و دیتم (نەجیبە)ی خوشكمە، پاش زیڕەكە دەنگی خڕە خڕێك لە گەرووی دەهاتە دەرێ و چاوی زەق كردبۆوە، رەنگی زەرد و سیس ببوو، رەنگی مردووی لێنیشتبوو، هەر هێندەم زانی پزیشكەكەم بانگ كرد، زەردكاوێكی مەیلەو سەوز لە دەمی هاتە دەرەوە، ئيدی هەناسەی لێ بڕا، منیش زانیم كە ئیتر تەواو بوو دەستم بەگریان و لە خۆدان كردو كارمەندەكانی نەخۆشخانە بردمیانە دەرەوە، دوای دوو خولەكێك هاتن و گوتیان: خوشكم بڕۆ كەسوكارت ئاگادار بكەوە خۆیان ئامادەبكەن تەرمەكە وەربگرنەوە، ئەوە بوو بەسەرهاتی خوشكە جوانە مەرگە خێر لە خۆنەدیتەكەم، كە هەتا ماوم كارەساتی مردنی ئەو خوشكەم قەت لەبیر ناچێتەوە. دەرەنجام بەسەرنجدان لەم رووداوە ئەمە هەڵدەێنجین كە ئەگەرچی هەندێ ئەزموونی شكست هێنان هەن، وەك كەوتن لە خوێندن زەبری دەروونی گەورەمان لێدەدەن،كە ئەمەش تەنیا لە كۆمەڵگاكانی وەك ئێمە شكست هێنان لە خوێندن ئەو جۆرە ناكامە ترسناك و مەرگە سات ئامێزانەی هەیە، بەڵام ئەوە مانای وانیە ئەزموونی بەم شێوەیە كارگەری وەها ترسناك لەسەر ژیانمان دروست بكات ، چونكە مرۆڤ ئەگەر لە ژیاندا دەرفەتێك لە دەست بدات دەتوانێ بەشتی تر، یا بە هەنگاوی تر قەرەبووی بكاتەوە، بەڵام بڕیاری خۆلەناوبردن جارێكی تر دەرفەتی ژیانمان پێنابەخشێ، ئەگەر لە كۆتایی رێگاكەشدا پەشیمان ببینەوە، لێرەدا پەشیمان بوونەوە تەنها ساتەكانی مردنمان پر بە ئازارتر دەكات و هیچی تر، جگە لەوەش پێویستە ئەو جۆرە رووداوانە هانی بەرپرسانی پەروەردە بدات كە جارێكی تریش چاو بە سیستەمەكەدا بگێڕینەوە كەم و كوڕییەكانی قۆڵتر و گشتگیر. |
دهنگێك تۆمارکه بۆ ماڵپهری هێ ڤی و هێلێنا





.
.
.
.
.
.
.
.
.











.


.






